الخميس، 1 ديسمبر 2016

تره‌مپ یان شاسوار


یه‌كه‌م زنجیره‌ی به‌رنامه‌ی (هه‌نگاوی یه‌كه‌م) له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید و ستافێكی گه‌نجه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش هاوشێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی (دۆناڵد تره‌مپ)ه‌ كاتێك كه‌ پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی بوو له‌ ئه‌مریكا.

تره‌مپ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رمایه‌داربوو، پاشای شاشه‌ بوو له‌ ئه‌مریكا، له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا كه‌ له‌ كه‌ناڵی NBC به‌ناوی (The Apprentice) واته‌* (شاگرد یان مه‌شقپێكراو) په‌خشده‌كرا.. تیایدا تره‌مپ ره‌مزی پیاوێكی بزنسمانی خاوه‌ن كاریزمابوو، به‌وه‌ ناسراوبوو قسه‌ی زۆر ره‌ق و ناشرینی به‌رامبه‌ر به‌شدارانی به‌رنامه‌كه‌ی ده‌كرد و ده‌یشكاندن.

ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ 14 وه‌رزی لێ پێشكه‌شكرا، ده‌یان گروپی گه‌نج و خه‌ڵكی به‌هره‌داری ئه‌مریكا به‌شدارییان ده‌كرد و پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرد و كێبڕكێیان بوو بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی (تره‌مپ - THE DON) به‌ده‌ستبهێنن و ببنه‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌به‌رنامه‌كه‌دا شایسته‌ نه‌بونایه‌ پێی ده‌وتن؛ "You are Fired- تۆ ده‌ركرایت" و هه‌ندێكجار لێیان توڕه‌ ده‌بوو، ده‌یشكاندن له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ گروپی كار به‌ڕێوه‌به‌رن.

كاتێكیش تره‌مپ ویستی خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، زۆرینه‌ی گه‌نجی ئه‌مریكا ده‌نگیان پێدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ خۆی وه‌كو نمونه‌یه‌كی باڵا خستبوه‌ڕوو... ئه‌گه‌رچی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵام توانی ستراتیژی كاركردنی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌نجام بدات ئه‌گه‌رچی دوژمنی زۆربوو له‌ناو تیمه‌كه‌ی خۆشیدا.

ئه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌ كوردستان به‌ڕێز؛ شاسوار عه‌بدولواحید، كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای نالیایه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی نوێ پێشكه‌ش ده‌كات به‌ناوی (هه‌نگاوی یه‌كه‌م) به‌هه‌مان ستایلی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه‌... به‌ڵام له‌كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا، نه‌خۆی باسی ده‌كات و نه‌ راستگۆیانه‌ خواستی خۆی راگه‌یاندووه‌ بۆ هاتنه‌ دنیای سیاسه‌ته‌وه‌.

مرۆڤ زۆر ئاساییه‌ رێگای جیاواز و ئه‌زمونكراو بۆ ئامانجه‌كانی خۆی هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام كاتێك بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ مافی گشتیی و بواره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌بوو، باشتره‌ ئه‌مانه‌ت و راستگۆیی له‌ گوتاردا بپارێزرێت.

ئێمه‌ هه‌مومان بینیمان روماڵی كه‌ناڵی نالیا بۆ سه‌ركه‌وتنی ترامپ، و جۆری ته‌حریری هه‌واڵه‌كانیان بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ترامپ، له‌شێوه‌یه‌كدا ره‌نگیدایه‌وه‌ كه‌ رێگا بۆ به‌ڕێزێكی دیاری كۆمپانیای نالیا خۆشبكرێت بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا ده‌نگ بده‌ن به‌و كاندیده‌ی پێشتر بزنسمان بووه‌، ئه‌گه‌رچی سیاسی نه‌بووه‌.

خیتابی دركپێكراوی ناو هه‌واڵه‌كانی كه‌ناڵی نالیا ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ خه‌ڵكی بسه‌لمێنێت كه‌ "هه‌میشه‌ بزنسمان كه‌ ده‌بێته‌ سیاسی، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌ڵام كاتێك سیاسییه‌ك ده‌بێته‌ بزنسمان شكستخواردوو ده‌بێت".

له‌به‌رئه‌وه‌ عه‌یب نییه‌ ئه‌گه‌ر راستگۆیانه‌ به‌ خه‌ڵك بڵێی بۆچی ده‌ته‌وێت زیاتر ببیته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی گشتی، چونكه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێ سیفه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كۆن یان به‌شداریكردن له‌ راپه‌ڕین...هتد له‌گۆڕێ نه‌ماون و پێویسته‌ رێگای نوێ بدۆزرێته‌وه‌.



تێبینی؛ كلیك له‌و پیته‌ هاوپێچكراوانه‌ بكه‌ بۆ بینینی به‌رنامه‌كه‌ی ترامپ

الأحد، 6 نوفمبر 2016

زيندانی نوگره‌سه‌لمان

ناوی زيندانێك كه‌ هه‌رگیز نابێت له‌ یاده‌وه‌ری گه‌لی كوردا بسڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ دواین خه‌ڵاتی عێراق بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان، دواین شاباشه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ سود له‌ هه‌ڵه‌ مێژوییه‌كانی خۆی وه‌رناگرێت.

نوگره‌ سه‌لمان یه‌كێكی تره‌ له‌و مۆنۆمێنتانه‌ی له‌سه‌ر ئێسكی منداڵ و كه‌سانی ئیختیار و به‌ته‌مه‌نی ئه‌م وڵاته‌ بونیاد نراوه‌...

كه‌م نین ئه‌و زیندانه‌ نهێنیانه‌ی حزبه‌ كوردیه‌كانیش وه‌كو نه‌ریتی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره دژه‌ كورده‌كان بونیادیان ناون...

#نوگره‌ _سه‌لمان
#نوگره‌سه‌لمان
#نقرة_سليمان

الأحد، 9 أكتوبر 2016

خه‌یار و ته‌ماته‌ فرۆشتن و نه‌وتفرۆشتنه‌كه‌ی ئه‌مان

خه‌یار و ته‌ماته‌ فرۆشتن و نه‌وتفرۆشتنه‌كه‌ی ئه‌مان


#به‌رهه‌م_عومه‌ر

نێچیرڤان بارزانی، رۆژی 28/5/2014 كاتێك له‌گه‌ڵ د. ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و له‌به‌رده‌می كامێرادا وتی: له‌ به‌غدا وه‌ك سوكایه‌تى به‌ كورد و حكومه‌تى هه‌رێم، به‌رپرسانى به‌غدا پێیان وتین؛ كاكه‌ ئێوه‌ نازانن نه‌وت بفرۆشن، چونكه‌ فرۆشتنى نه‌وت وه‌ك فرۆشتنى خه‌یار و ته‌ماته‌ نییه‌.

هه‌روه‌ها به‌ ته‌وسه‌وه‌ وتی: بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و قسه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان كرد به‌ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ به‌غداى بسه‌لمێنین كه‌ ده‌توانین به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین.

خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ به‌ڵێنه‌ درۆینه‌یه‌، هه‌رگیز ناتوانێت شانازی ئه‌وه‌ بكات؛ كه بتوانێت‌ ته‌ماته‌ فرۆشێكی سه‌ركه‌وتو بێت، چونكه‌ ده‌ستی كه‌شف بووه‌، عه‌ره‌بانچی‌ جێگای شانازی كه‌سوكار و خێزانه‌كه‌یه‌تی، ته‌ماته‌ و خه‌یار و میوه‌هاتی خۆی ئه‌فرۆشێت و به‌ ئیحترام و رێزه‌وه‌، عاره‌قی ماندوبونی خۆی ده‌سڕێت و ئێواره‌ (5 بۆ 10) هه‌زار دیناری په‌یداكردووه‌ و ناهێڵێت ماڵ و منداڵی موحتاج ببن، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت چی ده‌كات و چۆن په‌یدای ده‌كات و بۆ كێی په‌یدا ده‌كات... به‌ڵام ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی ئێمه‌ و یار و یاوه‌ره‌كانی میلله‌تێكیان له‌ لوتكه‌ی غروره‌وه‌ هێنایه‌وه‌ بۆ سواڵكردن و قه‌رزكردن و ده‌ستكردن به‌ گیرفانی به‌تاڵدا... له‌ لوتكه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیدا بانكه‌كانیان فه‌رهود كردین... هه‌موو ئاڵتونه‌ ره‌شه‌كانیان دزی و ڕستێك و ئه‌ستونێك به‌ڵێنی درۆی بۆ به‌جێهێشتین.

ئه‌مه‌ ئیتر وڵاته‌ و موئه‌سه‌ساته‌ و خه‌ڵكی ده‌وڵه‌تمه‌داری تێدایه‌...

بۆ زیاتر سه‌رئێشه‌، ئه‌مه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌:
http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=51621

الثلاثاء، 2 أغسطس 2016

جه‌نگی كه‌نداوی دووه‌م 1991 و داگیركردنی كوه‌یت و رزگاركردنی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌

راپۆرتێكی زۆر كاریگه‌ر و ورد، له‌باره‌ی جه‌نگی كه‌نداوی دووه‌م 1991 و داگیركردنی كوه‌یت و ئازادكردنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌.

ناخۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ ته‌مه‌نمان كه‌وته‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌مانزانی ئه‌م جه‌نگه‌ رویداوه‌ و هه‌ندێك له‌ كه‌سوكار و دراوسێ و كه‌سه‌ ئاشناكانمان له‌ به‌جێهێنانی ئه‌ركی زۆره‌ملێی سه‌ربازیدا بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ برابون، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ستمان به‌ جه‌نگه‌كه‌ ده‌كرد.
خه‌ڵكیش به‌گشتی له‌ میدیا عێراقییه‌كان و رادیۆی مۆنتیكارلۆ و له‌نده‌ن و ئیسرائیل...هتد، ده‌نگدانه‌وه‌ و هه‌واڵیان له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه‌ ده‌بیست...
به‌ڵام ئه‌م راپۆرته‌ ڤیدیۆییه‌، ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی تێدایه‌ كه‌ ئه‌وكات و زۆر هه‌ستمان پێ نه‌كردووه‌ و وه‌كو یاری په‌زڵ، پارچه‌كانیمان له‌لایه‌ و وێنه‌ ته‌واوكراوه‌كه‌یمان له‌به‌رچاو نه‌بووه‌.

به‌و هیوایه‌ی بینه‌ری بن... به‌ڵام ده‌بێت بمانبورن كه‌ یاده‌روه‌ییه‌كی خۆش نییه‌.








الجمعة، 24 يونيو 2016

خودا هه‌ڵه‌ ناكات، ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌

خودا هه‌ڵه‌ ناكات، ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌


ئه‌م بابه‌ته‌، وتارێك نییه‌، به‌ڵكو بابه‌تێكه‌ بۆ گفتوگۆ، سوپاسی هه‌ر هاوڕێ یان مامۆستایه‌كی ئاینی، یان لێكۆڵه‌رێكی بواری فقهـ و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌كه‌م، به‌پێی توانای خۆی بۆچونی نوێ له‌م باره‌یه‌وه‌ بخاته‌ڕوو و هاوكاریمان بكات. به‌و پێیه‌ی بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیاره‌ و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو موسوڵمانانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ جیهاندا.

ده‌روازه‌ی پرسیاره‌كان:
1 خودا ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ی موسوڵمان له‌سه‌ری راهاتوین و ساڵانه‌ مانگێك به‌ شێوه‌یه‌كی "داوانه‌كراو"‌ بۆی به‌ڕۆژوو ده‌بین.
2 پاكو بێگه‌ردی بۆ خودا، هه‌رگیز خودا هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا رۆژوی به‌سه‌ر موسوڵماناندا فه‌رز كردبێت.
3 رۆژوگرتن له‌م شێوازه‌ی ئێستایدا بوه‌ته‌ په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و هیچ گروپێكی زانای ئیسلامی ناوێرن خۆیان له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌.
4 كێشه‌ی نێوان مه‌زهه‌به‌كان له‌ئیسلامدا، هێنده‌ی دیكه‌ رۆژوگرتنی له‌سه‌ر موسوڵمانان قورستر كردووه‌.

شیكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانم:
به‌رله‌وه‌ی پرسیاره‌كانم شی بكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ من خۆم بیرم نایه‌ت له‌ ته‌مه‌نمدا رۆژێك به‌بێ هۆكارێكی شه‌رعی رۆژوم شكاندبێت و له‌ ته‌مه‌نی 6 ساڵیمه‌وه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بم. ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌كو هه‌ر موسوڵمانێكی دیكه‌ی وه‌كو ئێوه‌ پرسیارم هه‌بێت و داوا بكه‌م پێكه‌وه‌ گفتوگۆی بكه‌ین و رای ئه‌رجه‌ح و شیاوی له‌ده‌ور كۆبكه‌ینه‌وه‌ و هه‌مومان هه‌ڵه‌كانی خۆمان راست بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كه‌مجار داوا له‌خۆم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م، پابه‌ندی راستییه‌كان ببم، شانازیش ده‌كه‌م كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر زانای ئاینی و مامۆستا و توێژه‌ر و موسوڵمانی جدی و خاوه‌ن هزری رۆشنی ئیسلامی هاوڕێمن و زۆرجار گفتوگۆی بابه‌ته‌ ئاینییه‌كانمان پێكه‌وه‌ كردوون‌ و بیریشم نایه‌ت له‌گفتوگۆدا هیچ كه‌سێكم له‌خۆم ره‌نجاندبێت. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م داوایه‌م دڵسۆزانه‌ وه‌ربگرن و كه‌س نه‌ڕه‌نجێت و مه‌به‌ستی شه‌خصیم له‌ جوڵاندنی ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌م خوای گه‌وره‌ موحاسه‌به‌م ئه‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌خه‌مه‌ به‌ر باس لای ئێوه‌ی دڵسۆز، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌لای خۆیه‌وه‌ و له‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌ستی پێ ڕاده‌گات (كه‌ناڵی میدیایی، كۆڕی زانایان، قوتابخانه‌، مزگه‌وت، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رگێڕان بۆ زمانی دیكه‌...هتد) ئه‌م بابه‌ته‌ زۆرتر بخه‌نه‌ به‌رباس و هه‌ڵه‌یه‌ك راست بكرێته‌وه‌.

یه‌كه‌م// خودا ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ی موسوڵمان له‌سه‌ری راهاتوین و ساڵانه‌ مانگێك به‌ شێوه‌یه‌كی "داوانه‌كراو"‌ بۆی به‌ڕۆژوو ده‌بین.
بێگومان قورسه‌ به‌ناوی خوداوه‌ بابه‌تێك ره‌تبكه‌یته‌وه‌ یان په‌سه‌ندی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر قه‌ولی صه‌ریحی خودا خۆی له‌ قورئاندا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌بێت، منیش تایبه‌تمه‌ند نیم له‌ بابه‌تی ئاینی ئیسلامیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردووه‌، بابه‌تی رۆژوو په‌یوه‌ندی به‌ بناغه‌ و كۆڵه‌كه‌ی ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌، خودا و پێغه‌مبه‌ری خودا (درودی له‌سه‌ربێت) هه‌موو كۆڵه‌كه‌كانی ئیسلامی مه‌حكه‌م و یه‌كخستوه‌، ئه‌وجا بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئیسلامی له‌سه‌ر بونیادناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ناكرێت كۆڵه‌كه‌یه‌كیان كڕۆڵ بێت و به‌ په‌ڕپوتی به‌جێ هێڵرابێت و كه‌سیش قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كات.
كۆڵه‌كه‌ی دین پێنجه‌ (شایه‌تومان به‌خودای تاك و ته‌نیا و په‌یامبه‌رێتی محه‌مه‌د درودی خودای له‌سه‌ر بێت، نوێژكردن، زه‌كاتدان، رۆژووگرتن و حه‌جی ماڵی خودا)... هه‌موو ئه‌م كۆڵه‌كانه‌ تیایدا بابه‌تی "كات و دیقه‌ت" زۆر گرنگی پێدراوه‌، ته‌نها رۆژوو نه‌بێت كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی تێدا ئیهمال كراوه‌. بۆ نمونه‌، شایه‌تومان وه‌كو ناسنامه‌ی هه‌موو موسوڵمانێكه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی دونیا و رۆژانه‌ش له‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ پێنج فه‌رزه‌ی نوێژدا جێگای كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر نوێژێك ئه‌و شایه‌تومانه‌ی تێدا نه‌خوێنرێت ته‌واو نییه‌ و قبوڵكراو نابێت.
نوێژكردن، رۆژانه‌ له‌ پێنج كاتی جیاجیادا فه‌رزكراوه‌ له‌سه‌ر موسوڵمانان (هه‌ڵبه‌ت به‌ره‌چاوكردنی جیاوازی كات و شوێن به‌پێی وڵاتانی جیهان)، جگه‌ له‌وه‌ی خودا نه‌یهێشوه‌ بۆ بابه‌تێكی وا گرنگ موسوڵمانان په‌رته‌وازه‌ ببن، شوێنێكی بۆ ده‌ستنیشان كردون له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ به‌ستونیه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عبه‌ و شاری مه‌ككه‌وه‌و روو ده‌كه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌. واته‌ خودا كه‌عبه‌ی بۆ كردوینه‌ته‌ رووگه‌ نه‌ك شوێنی تر.
زه‌كاتدان، خودا ئه‌م بابه‌ته‌ ئابورییه‌ گرنگه‌ی زۆر به‌شێوه‌یه‌كی باش بڕاندوه‌ته‌وه‌ و كاتێكی بۆ دیاریكردووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌كه‌ت ساڵێكی به‌سه‌ردا رۆیشت، هه‌ر له‌نزیكی خۆت بیده‌ به‌ هه‌ژاران یان ئه‌و رێوشوێنانه‌ی دیكه‌ كه‌ دیاریكراوه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا و نییه‌ و نابێت هیچ موسوڵمانێكی خاوه‌ن سه‌رمایه‌ چاولێپۆشراوبێت له‌ زه‌كات.
حه‌جی ماڵی خودا، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ته‌مه‌ندا یه‌كجار فه‌رزكراوه‌ له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانان ئه‌گه‌ر توانایان هه‌بوو (چه‌ند مه‌رجێكی دیكه‌ش)، واته‌ هه‌موو موسوڵمانان له‌ جیهانه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌بت كراونه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عه‌به‌ و شوێنی قیبله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای باسه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، رۆژوگرتن زۆر سته‌می لێكراوه‌ له‌لایه‌ن شه‌ریعه‌تناسه‌كانه‌وه‌ و به‌پێی گریمانه‌كه‌ی من، بوه‌ته‌ خاڵێكی شه‌رمه‌زاركه‌ر بۆ ئاینی ئیسلامی و خوای پاك و تاك و ته‌نیا... كه‌ پاكو بێگه‌ردی بۆ خودا، هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌ و شوێنكه‌وتوانی ئاینه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان به‌سه‌ر ئاینه‌كه‌یدا سه‌پاندووه‌.

هه‌ڵه‌كه‌ له‌كوێدایه‌؟ ده‌كرێت راستی بكه‌ینه‌وه‌؟!
ماده‌م سه‌رجه‌م كۆڵه‌كه‌كانی ئیسلام ره‌بتكراوه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عبه‌ و قبیله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌، ده‌بێت رۆژوش به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌بتبكرێت به‌ كه‌عبه‌ و شوێنی كه‌عبه‌وه‌، ئه‌وه‌تا خوای گه‌وره‌ به‌ عیباره‌تی صه‌ریح له‌ صوره‌تی بقرة ده‌فه‌رموێت؛ (وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ).

من زۆر بیرم له‌م ئایته‌ پیرۆزه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌راستی بۆ موخاته‌به‌كردنی عه‌قڵه‌تی موسوڵمانان له‌ 14 سه‌ده‌ی رابردوودا زۆر بێ وێنه‌ و جوان بووه‌، به‌ڵام ئێستا موسوڵمانان به‌ هه‌ڵه‌ لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌.
رۆژوو له‌ مه‌ككه‌ی پیرۆز فه‌رزكرا و خودای گه‌وره‌ش ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له‌باره‌ی رۆژوه‌وه‌ ناردونی ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی لێكدانه‌وه‌یان تێدابێت بۆ شوێن و كات، ره‌بتی كردونه‌ته‌وه‌ به‌ شوێنگه‌ی كه‌عبه‌ی پیرۆز و قیبله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، موسوڵمانان چه‌واشه‌كراون‌ و لێكدانه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كان به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌و شوێنه‌ی موسوڵمانه‌كان لێی نیشته‌جێن نه‌ك كه‌عبه‌ی پیرۆز.
با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئایته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، خودا ده‌فه‌رموێت؛ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی ئاسمان رۆشنایی تێده‌كه‌وێت و ده‌توانن "په‌تی سپی له‌ په‌تی ره‌ش" جیا بكه‌نه‌وه، (يان لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شی بۆ ده‌كرێت؛ ئه‌ویش به‌ته‌واوی ده‌ركه‌وتنی جیاكارییه‌كه‌ له‌ ئاسمان كه‌ ده‌ریده‌خات ئیتر شه‌و كۆتایی هاتوه‌ و خۆر روناكییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتوه‌)‌.
ئه‌م ئایه‌ته‌ یه‌كه‌یه‌كی پێوانه‌یی ئیلاهییه‌ و خودا به‌پێی مه‌ككه‌ی پیرۆز ناردویه‌تی‌ (هاوشێوه‌ی ئه‌ركانه‌كانی دیكه‌ی ئیسلام). نه‌ك بۆ شوێنی تر و سلێمانی و هه‌ولێر و ئۆسلۆ و قاهیره‌ و ستۆكهۆڵم و مه‌ده‌قه‌شقه‌ر... تكایه‌ هه‌ڵه‌كه‌ لێره‌دایه‌، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ موسوڵمانانی زۆر به‌ زه‌حمه‌تا بردووه‌ و چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ موسوڵمانان باجی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ده‌ده‌ن.
چونكه‌ جه‌نابتان باش ده‌زانن، له‌ئێستادا و به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئیسكه‌نده‌ناڤیا و باكوری گۆی زه‌وی، خۆر ئاوا نابێت و پێی ده‌ڵێن "كڵاو" واته‌ خۆر هاوشێوه‌ی كڵاو به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌یه‌ و ئاوا نابێت، رۆژ ده‌چێته‌ پشتی سه‌رته‌وه‌ ئیتر ئه‌وه‌ شه‌وه‌... یه‌ته‌ رۆژهه‌ڵات ئیتر ئه‌وه‌ به‌یانییه‌، یه‌ته‌ به‌رده‌مت ئیتر ئه‌وه‌ نیوه‌ڕۆیه‌ و له‌ رۆژوئات ده‌بێت، ئیتر ئه‌وه‌ شه‌و ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ هه‌موو كاته‌كاندا دونیا روناكه‌ و "مه‌سه‌له‌ی په‌تی سپی و ره‌ش و تاریكی و رۆشن بوونی ئاسمان بێ به‌ها ده‌بێت" و ئه‌م ئایه‌ته‌ هه‌ڵه‌ ده‌رده‌چێت بۆ موسوڵمانانی ئه‌م شوێنه‌ (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌).
له‌ باشوری گۆی زه‌وی و باكوری كه‌نه‌دا، بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئاسمان هه‌ر تاریكه‌ و هه‌ر شه‌وه‌، هه‌رگیز موسوڵمانێك له‌وێ، ناتوانێت "په‌تی سپی و ره‌ش له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه‌ یان جیاوازیی رۆشنایی شه‌و و رۆژ بكات" ئه‌م ئایه‌ته‌ بۆ ئه‌وێش هه‌ڵه‌ ئه‌بێت... (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌).

به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی مه‌نتیقی كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت موسوڵمانان به‌هه‌ڵه‌ به‌رۆژوو ده‌بن و خودا ئه‌م رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ لێمان. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 23 ساڵی نبوه‌تی پێغه‌مبه‌ردا (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) نزیكه‌ی 25 جار خودای گه‌وره‌ و په‌یامبه‌ره‌كه‌ی چاكسازییان له‌ رۆژوگرتندا كردووه‌ و زۆر به‌ هه‌ستیاریی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌، زانایانی ئاینی باش ده‌زانن، كه‌ رۆژووگرتن سه‌ره‌تا زۆر قورستربوو، به‌شێوه‌ی 24 كاتژمێریی بووه‌، واته‌ له‌ شه‌و و رۆژی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زاندا ده‌بوایه‌ موسوڵمانان خۆیان له‌هه‌موو شتێك بگرتایه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌پاش نوێژی ئێواره‌وه‌ بۆیان هه‌بوه‌ نان بخۆن و ده‌بوایه‌ ته‌مه‌توعی دیكه‌یان نه‌كردایه‌... هه‌تا ئه‌وكاته‌ی خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان، عومه‌ری كوڕی خه‌تاب، رۆژێك دێته‌ لای پێغه‌مبه‌ر و پێی ده‌فه‌رموێت، ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا سه‌رجێیم كردووه‌ (ئه‌وه‌ش سزای له‌سه‌ربووه‌ و پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی فه‌رزی رۆژوگرتن بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر زۆر نیگه‌ران ده‌بێت كه‌ ته‌نانه‌ت عومه‌ریش ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كردووه‌، به‌ڵام خودای گه‌وره‌ ئه‌و مه‌رجه‌ له‌ ئایه‌تێكدا هه‌ڵده‌گرێت و هه‌ر له‌ سوره‌تی به‌قه‌ره‌دا رێگا ده‌دات شه‌وان ژن و مێرد له‌ ره‌مه‌زاندا سه‌رجێی بكه‌ن و قه‌ده‌غه‌ نییه‌)
(أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ) البقرة/187....
 چه‌ندین به‌ڵگه‌ و گێڕانه‌وه‌ی راست هه‌یه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن خودا به‌رده‌وام چاكسازیی له‌ رۆژووی موسوڵماناندا كردووه‌... به‌ڵام ناكرێت ( له‌رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ 14 سه‌ده‌ تێپه‌ڕێت به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئیسلامدا، له‌ڕوی جوگرافیشه‌وه‌ ئیسلام به‌سه‌ر ته‌واوی گۆی زه‌ویدا بڵاوده‌بێته‌وه‌) هیچ چاكسازی و گونجاندنێكی نوێ له‌ بابه‌تی رۆژوگرتندا نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌رچی روبه‌ری جیهانی ئیسلامی و ئه‌و وڵاتانه‌ی موسوڵمانیان تێدایه‌ هه‌موو جیهانی گرتوه‌ته‌وه‌. نه‌ك ئه‌م چاكسازییانه‌ نه‌كراون، به‌ڵكو به‌هه‌ڵه‌ رۆژوگرتنی موسوڵمانان كراوه‌ته‌ عه‌یبه‌یه‌ك و له‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌یه‌وه‌‌.
تكایه‌ بۆ راستی و دروستی ئه‌م به‌ڵگه‌ مه‌نتیقه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردووه‌، پرسیار له‌ كه‌سوكارتان بكه‌ن له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و وڵاتانی ئیسكه‌نده‌نافیا...هتد، ساڵانه‌ پشوی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بێ ئه‌نگێز ده‌بن و توانای كاركردنیان نامێنێت و توڕه‌ ده‌بن و له‌كارده‌كه‌ون و جه‌سته‌یان شه‌كه‌ت و شێواو ده‌بێت كاتێك زیاتر له‌ 19 كاتژمێر له‌ رۆژێكدا به‌ڕۆژوو ده‌بن.

سێیه‌م// رۆژوگرتن له‌م شێوازه‌ی ئێستایدا‌ په‌ڵه‌یه‌كی نه‌نگییه‌ به‌ ئاینی پرۆزی ئیسلام و شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و هیچ گروپێكی زانای ئیسلامی ناوێرن خۆیان له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌.
ئایا ئێستا رۆژوو عه‌یبه‌یه‌ بۆ ئیسلام؟
رۆژوو گرتن به‌م شێوه‌ هه‌ڵه‌یه‌، بوه‌ته‌ خاڵێكی شه‌رمهێن و شه‌رمه‌زاركه‌ر بۆ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و له‌ وه‌ڵامی ساده‌ترین پرسیاری زانستیدا شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سته‌وسان ده‌بێت و وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پێ نییه‌... ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئیعجازه‌كانی قورئان به‌كۆتا نایه‌ن و به‌پێی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ هاوته‌ریب بوونی نێوان قورئان و راستییه‌ زانستییه‌كان زۆر جێگای سه‌رسامیی زانایانه‌ (ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و زانایانه‌ی دژه‌ ئیسلامیشن یان هه‌رگیز رۆژێك له‌رۆژان ئیسلامیان نه‌ناسیوه‌)... به‌ڵام ته‌نها له‌ بابه‌تی رۆژودا ئیتر شه‌رمه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و له‌بری به‌ڵگه‌ی زانستی، پاساو و گرێ و گۆڵ بۆ سه‌لماندنی وته‌ راسته‌كانی خودا ده‌هێنرێته‌وه‌ (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا... هه‌رگیز پێویستی به‌و پاساوانه‌ نییه‌)، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژوو بۆ مرۆڤ پێویسته‌ و سودی هه‌یه‌ به‌و شێوازه‌ دروسته‌ی خودا داوای كردووه‌.

له‌ڕوی زانستییه‌وه‌:
بۆ نمونه‌، هه‌موومان ده‌زانین رۆژوگرتن به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی دونیا زیان به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌تی بۆ گورچیله‌ و چاو و خانه‌كانی پێست و مێشك...هتد، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتی جیهان موسوڵمانان 21 كاتژمێر به‌ڕۆژوو ده‌بن، واته‌ ته‌نها 3 كاتژمێر ده‌توانن نان بخۆن و ئاو بخۆنه‌وه‌... هیچ زانستێك ناتوانێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بسه‌لمێنێـت كه‌ ئه‌و جۆره‌ رۆژووه‌ زیانی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ نییه‌... ته‌نانه‌ت ئه‌و موسوڵمانانه‌ ئیتر له‌و حیكمه‌تانه‌ش ده‌كه‌ون كه‌ خودای گه‌وره‌ مرۆڤی له‌پێناویدا دروست كردووه‌، ئه‌ویش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ (اعمار الارض)... واته‌ ره‌نجكێشان و خۆ هیلاككردن له‌ شوێنی كار بۆئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی خه‌ڵك بیت و كار بكه‌یت و سه‌رقاڵی بونیادنان و داهێنان بیت و نه‌بیته‌ كه‌سێكی پاسیڤ و لێكه‌وتوو، فه‌ریزه‌كانی ئیسلام نابێت موسوڵمانان كه‌فته‌كاربكات، نابێت سست و بێ توانا بكات، به‌ڵكو ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و فه‌ریزانه‌وه‌ كه‌سێكی كاراتر و خاوه‌ن وزه‌ و كارامه‌یی و چالاكیی تێكه‌ڵی خه‌ڵك ببێته‌وه‌.
به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه‌، كه‌سێك تینوی بێت و ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، هاوشێوه‌ی كه‌سێكه‌ كه‌  له‌ژێر كاریگه‌ریی ماده‌ كهولیه‌كاندا بێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت (هه‌ردوكیان چاویان وه‌كو پێویست كارناكات و ...هتد)، واته‌ هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێك كه‌ به‌كارهێنه‌ری ماده‌ كهولیه‌كان بێت نابێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، به‌هه‌مان شێوه‌ نابێت شۆفێرێك تینوی بێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت. (لینكی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌خواره‌وه‌ بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌)
هه‌روه‌ها به‌پێی توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتوه‌، مرۆڤ زیاتر له‌ 15 كاتژمێر ئاو نه‌خواته‌وه‌ زیان به‌جه‌سته‌ی ده‌گات.

چواره‌م// كێشه‌ی نێوان مه‌زهه‌به‌كان له‌ئیسلامدا، هێنده‌ی دیكه‌ رۆژووگرتنی له‌سه‌ر موسوڵمانان قورستر كردووه‌.
پشتگوێ خستنی لێكدانه‌وه‌ی راست و دروستی ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ی خودای گه‌وره‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌، بوه‌ته‌ هۆی فیتنه‌ی گه‌وره‌ له‌نێوان موسوڵماناندا و ساڵانه‌ مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكانی ئیسلام، به‌تایبه‌تی شیعه‌ و سوننه‌، له‌ دوو به‌رواری جیاجیادا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ رۆژوگرتنی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان و كۆتایی هێنان به‌و مانگه‌... ئه‌وه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ بابه‌ته‌كه‌ی به‌لا رێدا بردووه‌... كه‌ خودا خۆی 14 سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی بڕاندوه‌ته‌وه‌ و ره‌بتی كردووه‌ به‌ كه‌عبه‌وه‌ نه‌ك به‌ بڕیاری حه‌وزه‌ و سه‌ر ته‌پۆلكه‌ و لوتكه‌ی شاخه‌كان و سه‌ربانی ماڵان كه‌ ئایا مانگ ده‌بینن یان نا... (ئه‌وه‌ش بابه‌تێكی دیكه‌ی جه‌ده‌لییه‌ كه‌ سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌ینه‌وه‌ زیاتر باشه‌).

چاره‌سه‌ر و ده‌ره‌نجام:
1* چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ (العلماء ورثة الانبياء) كۆڕی زانایانی ئیسلامی و زانا به‌ناوبانگه‌كان فه‌توای ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ رۆژوگرتن بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ راسته‌ داواكراوه‌كه‌ی خودای گه‌وره‌، ئه‌ویش رووگه‌ی موسوڵمانان و كه‌عبه‌ی پیرۆز بكرێته‌وه‌ بنه‌ما بۆ رۆژوگرتن له‌هه‌موو دونیاوه (به‌ ره‌چاوكردنی كاته‌ جیاوازه‌كان له‌ وڵاتاندا)‌.

2*له‌شاری مه‌ككه‌ خه‌ڵك چه‌ند كاتژمێر و چه‌ند خوله‌ك به‌ڕۆژوو بوو، له‌ هه‌موو جیهانی ئیسلامییه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕۆژووبن. چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی شاری مه‌ككه‌ وا هه‌ڵكه‌وتوه‌، گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ و ته‌قریبه‌ن ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵك له‌ مه‌ككه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بن نزیكه‌ له‌ (ناوه‌ندی رێژه‌یی كاته‌كانی به‌ڕۆژووبوون له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا). واته‌ هیچ ساڵێك له‌ مه‌ككه‌ خه‌ڵك له‌ 14.30خوله‌ك (14 كاتژمێر و 30 خوله‌ك) زیاتر به‌ڕۆژوو نابن.

3* هیچ ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆز ته‌نانه‌ت فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ریش نییه‌، كاتی رۆژوگرتنی به‌ستبێته‌وه‌ به‌ كاتی نوێژی به‌یانی و نوێژی ئێواره‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و ئایه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ كراوه‌ته‌ پێوانه‌، ئه‌ویش بۆ شاری مه‌ككه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت موسوڵمانان وه‌كو به‌نو ئیسرائیلیان لێ بێت و خۆیان ئاینه‌كه‌ له‌سه‌ر خۆیان قورس بكه‌ن و هه‌ر به‌زۆر رۆژوو بلكێنن به واده‌ی ئه‌و دوو نوێژه‌وه‌، له‌كاتێكدا خودای گه‌وره‌ خۆی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌.

4* یه‌كخستنی كاتی رۆژوگرتن له‌گه‌ڵ شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز، ئه‌و ئاژاوانه‌ هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی لكاندنی هه‌ڵه‌یه‌ك به‌ ئایه‌تێكی پیرۆزی خودای گه‌وره‌وه‌ دوچاری ئیسلام و موسوڵمانان بووه‌، واته‌ له‌ هه‌ندێك وڵات رۆژوگرتن ته‌نها 8 كاتژمێره‌ و له‌ هه‌ندێكی دیكه‌ 21... چونكه‌ له‌خودا بترسن، خودا هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌.

5* رێگا بدرێت ساڵانه‌ نوێنه‌ری زانایانی ئیسلامی له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ بچنه‌ شاری مه‌ككه‌ و له‌وێ چاودێری بینینی مانگ بكرێت و هه‌ر له‌وێش بڕیاری كاتی رۆژوگرتن بدرێت بۆ هه‌مو موسوڵمانان له‌ جیهاندا.


له‌كۆتاییدا بابه‌ته‌كه‌ بۆ گفتوگۆی ئێوه‌ به‌جێ ده‌هێڵم، به‌و هیوایه‌ی گفتوگۆكانی ئێوه‌ بابه‌ته‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، دڵنیام بابه‌ته‌كه‌م بێ كه‌موكوڕی نییه‌، به‌ڵام دڵنیاشم ئه‌م شێوه‌ رۆژوگرتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

به‌رهه‌م عومه‌ر



په‌راوێز: 

الأربعاء، 1 يونيو 2016

نازی كچم له‌ رۆژی جیهانی منداڵاندا باخچه‌ی ئاژه‌ڵان و باڵنده‌ جوانه‌كانی هه‌ڵبژارد

ئه‌مڕۆ له‌ 1/6/2016 له‌گه‌ڵ ناز چوین بۆ سه‌رچنار ... به‌ ته‌حدید بۆ مه‌شته‌له‌كه‌ و له‌وێش چوین سه‌رمان له‌ جیهانی باڵنده‌كاندا و له‌وێ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و دیمه‌نی جوانمان بینی... ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و وێنانه‌:












































































الجمعة، 8 أبريل 2016


به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی په‌نه‌ما و سیاسیه‌ بازرگانه‌كانی كوردستان‌
#به‌رهه‌م_عومه‌ر
http://www.knnc.net/Drejey-wtar.aspx?Articleid=3753&AuthorID=13

له‌ماوه‌ی رابردوودا سایتی گلۆباڵ پۆستی ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌باره‌ی "به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌نه‌ما" بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ قه‌به‌ترین و گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌نامه‌ی دزه‌پێكراو له‌ مێژوی مرۆڤایه‌تیدا و تیایدا زیاتر له‌ 140 سه‌ركرده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهانی ناویان هاتوه‌ و تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵیی رێكخراو و دزه‌پێكردنی پاره‌ له‌ وڵاته‌كانی خۆیانه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌ی نهێنی.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا، بابه‌تی دزه‌پێكردنی پاره‌ و شاردنه‌وه‌ی پاره‌ و دامه‌زراندنی كۆمپانیای وه‌همی و گرێبه‌ستی وه‌همی و حسابی بانكی وه‌همیی و شیرینی نه‌وت و ...هتده‌، كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ حزبی و سیاسیه‌كانی كوردستان پێوه‌ی ئالوده‌بون و ناوبانگی شۆڕشگێڕی و بنه‌ماڵه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تی خۆیان به‌و هۆیه‌وه‌ له‌كه‌داركردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی گڵۆباڵ پۆست، قه‌باره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان 2.6 تێرابایت (2600 گیگابایت)ه‌، ئه‌وه‌ش دووهێنده‌ی بڕی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یه‌ كه‌ ساڵی 2010 ویكلیكس دزه‌ی پێكردن كه‌ قه‌باره‌یان 1.7 تێرابایت بوو.

ئه‌و "به‌ڵگه‌نامانه‌ی په‌نه‌ما" كه‌ پێده‌چێت بڵاوكردنه‌وه‌یان چه‌ند ساڵێك بخایه‌نێت، تیایدا به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی ساڵانی (1977 بۆ 2016)ی له‌خۆ گرتووه‌ و پێكهاتوه‌ له‌ 11.5 ملیۆن دۆسیه‌ كه‌ له‌ناویدا 4.8 ملیۆن نامه‌ی ئیمه‌یڵ و یه‌ك ملیۆن وێنه‌ی نهێنی هه‌یه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ناوی ئه‌یاد عه‌لاوی و به‌شار ئه‌سه‌د و ڤلادیمێر پۆتن و چه‌ند میر و پاشایه‌كی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هاتوه‌... كه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان به‌ "گه‌نده‌ڵی" پێكه‌وه‌ناوه‌.

مانگی رابردوو له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا تاوتوێی دانانی یاسایه‌ك كرا بۆ رێگاگرتن له‌ هێنانی پاره‌ی ناڕۆشنی سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی "وڵاتانی خاوه‌ن قه‌یران"، په‌رله‌مانتارێك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ ناكرێت به‌ریتانیا رێگا بدات به‌ سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كان پاره‌ و داهات و ده‌ستكه‌وتی وڵاتانی خاوه‌ن قه‌یران (وه‌كو عێراق و سوریا و میسر و لوبنان و ئه‌فغانستان و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌فه‌ریقا...هتد) دزه‌ پێ بكه‌نه‌ ناو بانكه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كانی به‌ریتانیا، له‌كاتێكدا خه‌ڵك و دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌هۆی هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌وه‌‌ له‌ وڵاته‌كانی خۆیاندا هه‌لی كاریان بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت و بژێویان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و دوچاری قه‌یرانی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌خت ده‌بن و ناچار ده‌بن داوای مافی په‌نابه‌ریی له‌ به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا و پێشكه‌وتوو... بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی ده‌نگوباسه‌ له‌ وڵاتانی دونیادا، گه‌ڕان و كنه‌كردن و شوێنپێهه‌ڵگرتنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ حزبی و سیاسی و سه‌رمایه‌داره‌ گه‌نده‌ڵانه‌یه‌ كه‌ قوتی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان و به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی تاكه‌ كه‌سیی رێگای ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی خۆیان، به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه‌.

كورد ده‌ڵێت: "پیاوێك گورگ خواردویه‌تی و باوكیشم دیار نییه‌". له‌ هه‌موو بابه‌تێكی ته‌مومژاوی و دژی نه‌ریته‌ دیموكراسی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی و ئاودیوكردنی پاره‌ی وڵات...هتد، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ناوی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی كورد بكرێت و پشكی خۆمان به‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی كه‌ چه‌ندین جار له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌كانی كوردستانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه:‌ "ژێرزه‌مینه‌كان پڕكراون له‌پاره‌ی بودجه‌ی خه‌ڵك"، ده‌وترێت: "له‌م كاتی قه‌یرانی داراییه‌دا، پاره‌ی نه‌ختینه‌یی و 25هه‌زار دینارییه‌كان به‌فڕۆكه‌ و به‌ بارهه‌ڵگر گه‌یه‌نراونه‌ته‌ هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌"، یان "له‌فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر بڕی زۆری پاره‌دا كه‌ هه‌وڵی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دراوه‌، به‌ڵام به‌ ته‌له‌فۆنێكی كاك فڵان و به‌ڕێز فیسار، ناچاربون رێگای پێ بده‌ن و پاره‌كه‌ ببرێت و هیچ كه‌سێكیش سزا نه‌درێت".

ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌لپه‌رستانه‌ له‌خۆیان بپرسن... ئه‌گه‌ر ناویان له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا هات و به‌ ته‌واوی ده‌ركه‌وت پشكیان هه‌یه‌ له‌ برسیكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و بێكاركردنی گه‌نجان و داخستنی كارگه‌كان و ساغكردنه‌وه‌ی ده‌رمان و كه‌لوپه‌لی مه‌ترسیدار به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا و بانكه‌كانیان مایه‌پوچ كردووه‌ و شیرنییه‌كانی نه‌وتیان هه‌ڵقوڕاندووه‌ و كوڕی خه‌ڵكیان به‌ كوشتداوه‌... هتد، ده‌بێت ئه‌وكاته‌ چ بڕیارێك بده‌ن و خه‌ڵكی كوردستان چۆن لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكات، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانه‌كه‌یان په‌كخستوه‌ و حكومه‌ته‌كه‌یان شپرزه‌كردووه‌ و حوكمی یاسایان پشتگوێ خستوه‌؟!

http://www.knnc.net/Drejey-wtar.aspx?Articleid=3753&AuthorID=13