الجمعة، 24 يونيو 2016

خودا هه‌ڵه‌ ناكات، ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌

خودا هه‌ڵه‌ ناكات، ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌


ئه‌م بابه‌ته‌، وتارێك نییه‌، به‌ڵكو بابه‌تێكه‌ بۆ گفتوگۆ، سوپاسی هه‌ر هاوڕێ یان مامۆستایه‌كی ئاینی، یان لێكۆڵه‌رێكی بواری فقهـ و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌كه‌م، به‌پێی توانای خۆی بۆچونی نوێ له‌م باره‌یه‌وه‌ بخاته‌ڕوو و هاوكاریمان بكات. به‌و پێیه‌ی بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیاره‌ و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو موسوڵمانانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ جیهاندا.

ده‌روازه‌ی پرسیاره‌كان:
1 خودا ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ی موسوڵمان له‌سه‌ری راهاتوین و ساڵانه‌ مانگێك به‌ شێوه‌یه‌كی "داوانه‌كراو"‌ بۆی به‌ڕۆژوو ده‌بین.
2 پاكو بێگه‌ردی بۆ خودا، هه‌رگیز خودا هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا رۆژوی به‌سه‌ر موسوڵماناندا فه‌رز كردبێت.
3 رۆژوگرتن له‌م شێوازه‌ی ئێستایدا بوه‌ته‌ په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و هیچ گروپێكی زانای ئیسلامی ناوێرن خۆیان له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌.
4 كێشه‌ی نێوان مه‌زهه‌به‌كان له‌ئیسلامدا، هێنده‌ی دیكه‌ رۆژوگرتنی له‌سه‌ر موسوڵمانان قورستر كردووه‌.

شیكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانم:
به‌رله‌وه‌ی پرسیاره‌كانم شی بكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ من خۆم بیرم نایه‌ت له‌ ته‌مه‌نمدا رۆژێك به‌بێ هۆكارێكی شه‌رعی رۆژوم شكاندبێت و له‌ ته‌مه‌نی 6 ساڵیمه‌وه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بم. ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌كو هه‌ر موسوڵمانێكی دیكه‌ی وه‌كو ئێوه‌ پرسیارم هه‌بێت و داوا بكه‌م پێكه‌وه‌ گفتوگۆی بكه‌ین و رای ئه‌رجه‌ح و شیاوی له‌ده‌ور كۆبكه‌ینه‌وه‌ و هه‌مومان هه‌ڵه‌كانی خۆمان راست بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كه‌مجار داوا له‌خۆم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م، پابه‌ندی راستییه‌كان ببم، شانازیش ده‌كه‌م كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر زانای ئاینی و مامۆستا و توێژه‌ر و موسوڵمانی جدی و خاوه‌ن هزری رۆشنی ئیسلامی هاوڕێمن و زۆرجار گفتوگۆی بابه‌ته‌ ئاینییه‌كانمان پێكه‌وه‌ كردوون‌ و بیریشم نایه‌ت له‌گفتوگۆدا هیچ كه‌سێكم له‌خۆم ره‌نجاندبێت. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م داوایه‌م دڵسۆزانه‌ وه‌ربگرن و كه‌س نه‌ڕه‌نجێت و مه‌به‌ستی شه‌خصیم له‌ جوڵاندنی ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌م خوای گه‌وره‌ موحاسه‌به‌م ئه‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌خه‌مه‌ به‌ر باس لای ئێوه‌ی دڵسۆز، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌لای خۆیه‌وه‌ و له‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌ستی پێ ڕاده‌گات (كه‌ناڵی میدیایی، كۆڕی زانایان، قوتابخانه‌، مزگه‌وت، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رگێڕان بۆ زمانی دیكه‌...هتد) ئه‌م بابه‌ته‌ زۆرتر بخه‌نه‌ به‌رباس و هه‌ڵه‌یه‌ك راست بكرێته‌وه‌.

یه‌كه‌م// خودا ئه‌م جۆره‌ رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ی موسوڵمان له‌سه‌ری راهاتوین و ساڵانه‌ مانگێك به‌ شێوه‌یه‌كی "داوانه‌كراو"‌ بۆی به‌ڕۆژوو ده‌بین.
بێگومان قورسه‌ به‌ناوی خوداوه‌ بابه‌تێك ره‌تبكه‌یته‌وه‌ یان په‌سه‌ندی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر قه‌ولی صه‌ریحی خودا خۆی له‌ قورئاندا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌بێت، منیش تایبه‌تمه‌ند نیم له‌ بابه‌تی ئاینی ئیسلامیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردووه‌، بابه‌تی رۆژوو په‌یوه‌ندی به‌ بناغه‌ و كۆڵه‌كه‌ی ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌، خودا و پێغه‌مبه‌ری خودا (درودی له‌سه‌ربێت) هه‌موو كۆڵه‌كه‌كانی ئیسلامی مه‌حكه‌م و یه‌كخستوه‌، ئه‌وجا بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئیسلامی له‌سه‌ر بونیادناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ناكرێت كۆڵه‌كه‌یه‌كیان كڕۆڵ بێت و به‌ په‌ڕپوتی به‌جێ هێڵرابێت و كه‌سیش قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كات.
كۆڵه‌كه‌ی دین پێنجه‌ (شایه‌تومان به‌خودای تاك و ته‌نیا و په‌یامبه‌رێتی محه‌مه‌د درودی خودای له‌سه‌ر بێت، نوێژكردن، زه‌كاتدان، رۆژووگرتن و حه‌جی ماڵی خودا)... هه‌موو ئه‌م كۆڵه‌كانه‌ تیایدا بابه‌تی "كات و دیقه‌ت" زۆر گرنگی پێدراوه‌، ته‌نها رۆژوو نه‌بێت كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی تێدا ئیهمال كراوه‌. بۆ نمونه‌، شایه‌تومان وه‌كو ناسنامه‌ی هه‌موو موسوڵمانێكه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی دونیا و رۆژانه‌ش له‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ پێنج فه‌رزه‌ی نوێژدا جێگای كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر نوێژێك ئه‌و شایه‌تومانه‌ی تێدا نه‌خوێنرێت ته‌واو نییه‌ و قبوڵكراو نابێت.
نوێژكردن، رۆژانه‌ له‌ پێنج كاتی جیاجیادا فه‌رزكراوه‌ له‌سه‌ر موسوڵمانان (هه‌ڵبه‌ت به‌ره‌چاوكردنی جیاوازی كات و شوێن به‌پێی وڵاتانی جیهان)، جگه‌ له‌وه‌ی خودا نه‌یهێشوه‌ بۆ بابه‌تێكی وا گرنگ موسوڵمانان په‌رته‌وازه‌ ببن، شوێنێكی بۆ ده‌ستنیشان كردون له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ به‌ستونیه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عبه‌ و شاری مه‌ككه‌وه‌و روو ده‌كه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌. واته‌ خودا كه‌عبه‌ی بۆ كردوینه‌ته‌ رووگه‌ نه‌ك شوێنی تر.
زه‌كاتدان، خودا ئه‌م بابه‌ته‌ ئابورییه‌ گرنگه‌ی زۆر به‌شێوه‌یه‌كی باش بڕاندوه‌ته‌وه‌ و كاتێكی بۆ دیاریكردووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌كه‌ت ساڵێكی به‌سه‌ردا رۆیشت، هه‌ر له‌نزیكی خۆت بیده‌ به‌ هه‌ژاران یان ئه‌و رێوشوێنانه‌ی دیكه‌ كه‌ دیاریكراوه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا و نییه‌ و نابێت هیچ موسوڵمانێكی خاوه‌ن سه‌رمایه‌ چاولێپۆشراوبێت له‌ زه‌كات.
حه‌جی ماڵی خودا، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ته‌مه‌ندا یه‌كجار فه‌رزكراوه‌ له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانان ئه‌گه‌ر توانایان هه‌بوو (چه‌ند مه‌رجێكی دیكه‌ش)، واته‌ هه‌موو موسوڵمانان له‌ جیهانه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌بت كراونه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عه‌به‌ و شوێنی قیبله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای باسه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، رۆژوگرتن زۆر سته‌می لێكراوه‌ له‌لایه‌ن شه‌ریعه‌تناسه‌كانه‌وه‌ و به‌پێی گریمانه‌كه‌ی من، بوه‌ته‌ خاڵێكی شه‌رمه‌زاركه‌ر بۆ ئاینی ئیسلامی و خوای پاك و تاك و ته‌نیا... كه‌ پاكو بێگه‌ردی بۆ خودا، هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌ و شوێنكه‌وتوانی ئاینه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان به‌سه‌ر ئاینه‌كه‌یدا سه‌پاندووه‌.

هه‌ڵه‌كه‌ له‌كوێدایه‌؟ ده‌كرێت راستی بكه‌ینه‌وه‌؟!
ماده‌م سه‌رجه‌م كۆڵه‌كه‌كانی ئیسلام ره‌بتكراوه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌عبه‌ و قبیله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌، ده‌بێت رۆژوش به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌بتبكرێت به‌ كه‌عبه‌ و شوێنی كه‌عبه‌وه‌، ئه‌وه‌تا خوای گه‌وره‌ به‌ عیباره‌تی صه‌ریح له‌ صوره‌تی بقرة ده‌فه‌رموێت؛ (وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ).

من زۆر بیرم له‌م ئایته‌ پیرۆزه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌راستی بۆ موخاته‌به‌كردنی عه‌قڵه‌تی موسوڵمانان له‌ 14 سه‌ده‌ی رابردوودا زۆر بێ وێنه‌ و جوان بووه‌، به‌ڵام ئێستا موسوڵمانان به‌ هه‌ڵه‌ لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌.
رۆژوو له‌ مه‌ككه‌ی پیرۆز فه‌رزكرا و خودای گه‌وره‌ش ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له‌باره‌ی رۆژوه‌وه‌ ناردونی ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی لێكدانه‌وه‌یان تێدابێت بۆ شوێن و كات، ره‌بتی كردونه‌ته‌وه‌ به‌ شوێنگه‌ی كه‌عبه‌ی پیرۆز و قیبله‌ی موسوڵمانانه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، موسوڵمانان چه‌واشه‌كراون‌ و لێكدانه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كان به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌و شوێنه‌ی موسوڵمانه‌كان لێی نیشته‌جێن نه‌ك كه‌عبه‌ی پیرۆز.
با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئایته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، خودا ده‌فه‌رموێت؛ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی ئاسمان رۆشنایی تێده‌كه‌وێت و ده‌توانن "په‌تی سپی له‌ په‌تی ره‌ش" جیا بكه‌نه‌وه، (يان لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شی بۆ ده‌كرێت؛ ئه‌ویش به‌ته‌واوی ده‌ركه‌وتنی جیاكارییه‌كه‌ له‌ ئاسمان كه‌ ده‌ریده‌خات ئیتر شه‌و كۆتایی هاتوه‌ و خۆر روناكییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتوه‌)‌.
ئه‌م ئایه‌ته‌ یه‌كه‌یه‌كی پێوانه‌یی ئیلاهییه‌ و خودا به‌پێی مه‌ككه‌ی پیرۆز ناردویه‌تی‌ (هاوشێوه‌ی ئه‌ركانه‌كانی دیكه‌ی ئیسلام). نه‌ك بۆ شوێنی تر و سلێمانی و هه‌ولێر و ئۆسلۆ و قاهیره‌ و ستۆكهۆڵم و مه‌ده‌قه‌شقه‌ر... تكایه‌ هه‌ڵه‌كه‌ لێره‌دایه‌، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ موسوڵمانانی زۆر به‌ زه‌حمه‌تا بردووه‌ و چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ موسوڵمانان باجی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ده‌ده‌ن.
چونكه‌ جه‌نابتان باش ده‌زانن، له‌ئێستادا و به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئیسكه‌نده‌ناڤیا و باكوری گۆی زه‌وی، خۆر ئاوا نابێت و پێی ده‌ڵێن "كڵاو" واته‌ خۆر هاوشێوه‌ی كڵاو به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌یه‌ و ئاوا نابێت، رۆژ ده‌چێته‌ پشتی سه‌رته‌وه‌ ئیتر ئه‌وه‌ شه‌وه‌... یه‌ته‌ رۆژهه‌ڵات ئیتر ئه‌وه‌ به‌یانییه‌، یه‌ته‌ به‌رده‌مت ئیتر ئه‌وه‌ نیوه‌ڕۆیه‌ و له‌ رۆژوئات ده‌بێت، ئیتر ئه‌وه‌ شه‌و ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ هه‌موو كاته‌كاندا دونیا روناكه‌ و "مه‌سه‌له‌ی په‌تی سپی و ره‌ش و تاریكی و رۆشن بوونی ئاسمان بێ به‌ها ده‌بێت" و ئه‌م ئایه‌ته‌ هه‌ڵه‌ ده‌رده‌چێت بۆ موسوڵمانانی ئه‌م شوێنه‌ (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌).
له‌ باشوری گۆی زه‌وی و باكوری كه‌نه‌دا، بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئاسمان هه‌ر تاریكه‌ و هه‌ر شه‌وه‌، هه‌رگیز موسوڵمانێك له‌وێ، ناتوانێت "په‌تی سپی و ره‌ش له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه‌ یان جیاوازیی رۆشنایی شه‌و و رۆژ بكات" ئه‌م ئایه‌ته‌ بۆ ئه‌وێش هه‌ڵه‌ ئه‌بێت... (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌).

به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی مه‌نتیقی كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت موسوڵمانان به‌هه‌ڵه‌ به‌رۆژوو ده‌بن و خودا ئه‌م رۆژوه‌ی داوا نه‌كردووه‌ لێمان. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 23 ساڵی نبوه‌تی پێغه‌مبه‌ردا (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) نزیكه‌ی 25 جار خودای گه‌وره‌ و په‌یامبه‌ره‌كه‌ی چاكسازییان له‌ رۆژوگرتندا كردووه‌ و زۆر به‌ هه‌ستیاریی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌، زانایانی ئاینی باش ده‌زانن، كه‌ رۆژووگرتن سه‌ره‌تا زۆر قورستربوو، به‌شێوه‌ی 24 كاتژمێریی بووه‌، واته‌ له‌ شه‌و و رۆژی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زاندا ده‌بوایه‌ موسوڵمانان خۆیان له‌هه‌موو شتێك بگرتایه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌پاش نوێژی ئێواره‌وه‌ بۆیان هه‌بوه‌ نان بخۆن و ده‌بوایه‌ ته‌مه‌توعی دیكه‌یان نه‌كردایه‌... هه‌تا ئه‌وكاته‌ی خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان، عومه‌ری كوڕی خه‌تاب، رۆژێك دێته‌ لای پێغه‌مبه‌ر و پێی ده‌فه‌رموێت، ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا سه‌رجێیم كردووه‌ (ئه‌وه‌ش سزای له‌سه‌ربووه‌ و پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی فه‌رزی رۆژوگرتن بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر زۆر نیگه‌ران ده‌بێت كه‌ ته‌نانه‌ت عومه‌ریش ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كردووه‌، به‌ڵام خودای گه‌وره‌ ئه‌و مه‌رجه‌ له‌ ئایه‌تێكدا هه‌ڵده‌گرێت و هه‌ر له‌ سوره‌تی به‌قه‌ره‌دا رێگا ده‌دات شه‌وان ژن و مێرد له‌ ره‌مه‌زاندا سه‌رجێی بكه‌ن و قه‌ده‌غه‌ نییه‌)
(أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ) البقرة/187....
 چه‌ندین به‌ڵگه‌ و گێڕانه‌وه‌ی راست هه‌یه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن خودا به‌رده‌وام چاكسازیی له‌ رۆژووی موسوڵماناندا كردووه‌... به‌ڵام ناكرێت ( له‌رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ 14 سه‌ده‌ تێپه‌ڕێت به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئیسلامدا، له‌ڕوی جوگرافیشه‌وه‌ ئیسلام به‌سه‌ر ته‌واوی گۆی زه‌ویدا بڵاوده‌بێته‌وه‌) هیچ چاكسازی و گونجاندنێكی نوێ له‌ بابه‌تی رۆژوگرتندا نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌رچی روبه‌ری جیهانی ئیسلامی و ئه‌و وڵاتانه‌ی موسوڵمانیان تێدایه‌ هه‌موو جیهانی گرتوه‌ته‌وه‌. نه‌ك ئه‌م چاكسازییانه‌ نه‌كراون، به‌ڵكو به‌هه‌ڵه‌ رۆژوگرتنی موسوڵمانان كراوه‌ته‌ عه‌یبه‌یه‌ك و له‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌یه‌وه‌‌.
تكایه‌ بۆ راستی و دروستی ئه‌م به‌ڵگه‌ مه‌نتیقه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردووه‌، پرسیار له‌ كه‌سوكارتان بكه‌ن له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و وڵاتانی ئیسكه‌نده‌نافیا...هتد، ساڵانه‌ پشوی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بێ ئه‌نگێز ده‌بن و توانای كاركردنیان نامێنێت و توڕه‌ ده‌بن و له‌كارده‌كه‌ون و جه‌سته‌یان شه‌كه‌ت و شێواو ده‌بێت كاتێك زیاتر له‌ 19 كاتژمێر له‌ رۆژێكدا به‌ڕۆژوو ده‌بن.

سێیه‌م// رۆژوگرتن له‌م شێوازه‌ی ئێستایدا‌ په‌ڵه‌یه‌كی نه‌نگییه‌ به‌ ئاینی پرۆزی ئیسلام و شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدایه‌ و هیچ گروپێكی زانای ئیسلامی ناوێرن خۆیان له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌.
ئایا ئێستا رۆژوو عه‌یبه‌یه‌ بۆ ئیسلام؟
رۆژوو گرتن به‌م شێوه‌ هه‌ڵه‌یه‌، بوه‌ته‌ خاڵێكی شه‌رمهێن و شه‌رمه‌زاركه‌ر بۆ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و له‌ وه‌ڵامی ساده‌ترین پرسیاری زانستیدا شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سته‌وسان ده‌بێت و وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پێ نییه‌... ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئیعجازه‌كانی قورئان به‌كۆتا نایه‌ن و به‌پێی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ هاوته‌ریب بوونی نێوان قورئان و راستییه‌ زانستییه‌كان زۆر جێگای سه‌رسامیی زانایانه‌ (ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و زانایانه‌ی دژه‌ ئیسلامیشن یان هه‌رگیز رۆژێك له‌رۆژان ئیسلامیان نه‌ناسیوه‌)... به‌ڵام ته‌نها له‌ بابه‌تی رۆژودا ئیتر شه‌رمه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و له‌بری به‌ڵگه‌ی زانستی، پاساو و گرێ و گۆڵ بۆ سه‌لماندنی وته‌ راسته‌كانی خودا ده‌هێنرێته‌وه‌ (پاك و بێگه‌ردی بۆ خودا... هه‌رگیز پێویستی به‌و پاساوانه‌ نییه‌)، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژوو بۆ مرۆڤ پێویسته‌ و سودی هه‌یه‌ به‌و شێوازه‌ دروسته‌ی خودا داوای كردووه‌.

له‌ڕوی زانستییه‌وه‌:
بۆ نمونه‌، هه‌موومان ده‌زانین رۆژوگرتن به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی دونیا زیان به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌تی بۆ گورچیله‌ و چاو و خانه‌كانی پێست و مێشك...هتد، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتی جیهان موسوڵمانان 21 كاتژمێر به‌ڕۆژوو ده‌بن، واته‌ ته‌نها 3 كاتژمێر ده‌توانن نان بخۆن و ئاو بخۆنه‌وه‌... هیچ زانستێك ناتوانێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بسه‌لمێنێـت كه‌ ئه‌و جۆره‌ رۆژووه‌ زیانی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ نییه‌... ته‌نانه‌ت ئه‌و موسوڵمانانه‌ ئیتر له‌و حیكمه‌تانه‌ش ده‌كه‌ون كه‌ خودای گه‌وره‌ مرۆڤی له‌پێناویدا دروست كردووه‌، ئه‌ویش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ (اعمار الارض)... واته‌ ره‌نجكێشان و خۆ هیلاككردن له‌ شوێنی كار بۆئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی خه‌ڵك بیت و كار بكه‌یت و سه‌رقاڵی بونیادنان و داهێنان بیت و نه‌بیته‌ كه‌سێكی پاسیڤ و لێكه‌وتوو، فه‌ریزه‌كانی ئیسلام نابێت موسوڵمانان كه‌فته‌كاربكات، نابێت سست و بێ توانا بكات، به‌ڵكو ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و فه‌ریزانه‌وه‌ كه‌سێكی كاراتر و خاوه‌ن وزه‌ و كارامه‌یی و چالاكیی تێكه‌ڵی خه‌ڵك ببێته‌وه‌.
به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه‌، كه‌سێك تینوی بێت و ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، هاوشێوه‌ی كه‌سێكه‌ كه‌  له‌ژێر كاریگه‌ریی ماده‌ كهولیه‌كاندا بێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت (هه‌ردوكیان چاویان وه‌كو پێویست كارناكات و ...هتد)، واته‌ هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێك كه‌ به‌كارهێنه‌ری ماده‌ كهولیه‌كان بێت نابێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، به‌هه‌مان شێوه‌ نابێت شۆفێرێك تینوی بێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت. (لینكی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌خواره‌وه‌ بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌)
هه‌روه‌ها به‌پێی توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتوه‌، مرۆڤ زیاتر له‌ 15 كاتژمێر ئاو نه‌خواته‌وه‌ زیان به‌جه‌سته‌ی ده‌گات.

چواره‌م// كێشه‌ی نێوان مه‌زهه‌به‌كان له‌ئیسلامدا، هێنده‌ی دیكه‌ رۆژووگرتنی له‌سه‌ر موسوڵمانان قورستر كردووه‌.
پشتگوێ خستنی لێكدانه‌وه‌ی راست و دروستی ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ی خودای گه‌وره‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌، بوه‌ته‌ هۆی فیتنه‌ی گه‌وره‌ له‌نێوان موسوڵماناندا و ساڵانه‌ مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكانی ئیسلام، به‌تایبه‌تی شیعه‌ و سوننه‌، له‌ دوو به‌رواری جیاجیادا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ رۆژوگرتنی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان و كۆتایی هێنان به‌و مانگه‌... ئه‌وه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ بابه‌ته‌كه‌ی به‌لا رێدا بردووه‌... كه‌ خودا خۆی 14 سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی بڕاندوه‌ته‌وه‌ و ره‌بتی كردووه‌ به‌ كه‌عبه‌وه‌ نه‌ك به‌ بڕیاری حه‌وزه‌ و سه‌ر ته‌پۆلكه‌ و لوتكه‌ی شاخه‌كان و سه‌ربانی ماڵان كه‌ ئایا مانگ ده‌بینن یان نا... (ئه‌وه‌ش بابه‌تێكی دیكه‌ی جه‌ده‌لییه‌ كه‌ سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌ینه‌وه‌ زیاتر باشه‌).

چاره‌سه‌ر و ده‌ره‌نجام:
1* چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ (العلماء ورثة الانبياء) كۆڕی زانایانی ئیسلامی و زانا به‌ناوبانگه‌كان فه‌توای ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ رۆژوگرتن بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ راسته‌ داواكراوه‌كه‌ی خودای گه‌وره‌، ئه‌ویش رووگه‌ی موسوڵمانان و كه‌عبه‌ی پیرۆز بكرێته‌وه‌ بنه‌ما بۆ رۆژوگرتن له‌هه‌موو دونیاوه (به‌ ره‌چاوكردنی كاته‌ جیاوازه‌كان له‌ وڵاتاندا)‌.

2*له‌شاری مه‌ككه‌ خه‌ڵك چه‌ند كاتژمێر و چه‌ند خوله‌ك به‌ڕۆژوو بوو، له‌ هه‌موو جیهانی ئیسلامییه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕۆژووبن. چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی شاری مه‌ككه‌ وا هه‌ڵكه‌وتوه‌، گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ و ته‌قریبه‌ن ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵك له‌ مه‌ككه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بن نزیكه‌ له‌ (ناوه‌ندی رێژه‌یی كاته‌كانی به‌ڕۆژووبوون له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا). واته‌ هیچ ساڵێك له‌ مه‌ككه‌ خه‌ڵك له‌ 14.30خوله‌ك (14 كاتژمێر و 30 خوله‌ك) زیاتر به‌ڕۆژوو نابن.

3* هیچ ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆز ته‌نانه‌ت فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ریش نییه‌، كاتی رۆژوگرتنی به‌ستبێته‌وه‌ به‌ كاتی نوێژی به‌یانی و نوێژی ئێواره‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و ئایه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ كراوه‌ته‌ پێوانه‌، ئه‌ویش بۆ شاری مه‌ككه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت موسوڵمانان وه‌كو به‌نو ئیسرائیلیان لێ بێت و خۆیان ئاینه‌كه‌ له‌سه‌ر خۆیان قورس بكه‌ن و هه‌ر به‌زۆر رۆژوو بلكێنن به واده‌ی ئه‌و دوو نوێژه‌وه‌، له‌كاتێكدا خودای گه‌وره‌ خۆی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌.

4* یه‌كخستنی كاتی رۆژوگرتن له‌گه‌ڵ شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز، ئه‌و ئاژاوانه‌ هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی لكاندنی هه‌ڵه‌یه‌ك به‌ ئایه‌تێكی پیرۆزی خودای گه‌وره‌وه‌ دوچاری ئیسلام و موسوڵمانان بووه‌، واته‌ له‌ هه‌ندێك وڵات رۆژوگرتن ته‌نها 8 كاتژمێره‌ و له‌ هه‌ندێكی دیكه‌ 21... چونكه‌ له‌خودا بترسن، خودا هه‌ڵه‌ی وای نه‌كردووه‌.

5* رێگا بدرێت ساڵانه‌ نوێنه‌ری زانایانی ئیسلامی له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ بچنه‌ شاری مه‌ككه‌ و له‌وێ چاودێری بینینی مانگ بكرێت و هه‌ر له‌وێش بڕیاری كاتی رۆژوگرتن بدرێت بۆ هه‌مو موسوڵمانان له‌ جیهاندا.


له‌كۆتاییدا بابه‌ته‌كه‌ بۆ گفتوگۆی ئێوه‌ به‌جێ ده‌هێڵم، به‌و هیوایه‌ی گفتوگۆكانی ئێوه‌ بابه‌ته‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، دڵنیام بابه‌ته‌كه‌م بێ كه‌موكوڕی نییه‌، به‌ڵام دڵنیاشم ئه‌م شێوه‌ رۆژوگرتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

به‌رهه‌م عومه‌ر



په‌راوێز: 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق