الأربعاء، 2 أغسطس 2017

گه‌شتێكی پیاده‌ڕه‌و بۆ چیای سورێن و ئه‌شكه‌وتی دێرینی #هه‌زاره‌سون


رۆژی 25/3/2016 له‌به‌رده‌م پارك تاوه‌ر(ته‌نیشت پاركی ئازادی)ی شاری سلێمانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ "گروپی ره‌شاقه‌ و له‌شجوانی" له‌ كاتژمێر 8.00ه‌وه‌ به‌دوو كۆسته‌ر (نزیكه‌ی 50 كه‌س) به‌ره‌و چیای سورێن به‌ڕێكه‌وتین و چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گرنگ و بابه‌تی سروشتی و كلتوری و مێژویی... تابلۆی گه‌شته‌كه‌ی پێكهێنا و لێره‌ باسی هه‌ندێكیان ده‌كه‌م.















گروپی ره‌شاقه‌ و له‌شجوانی له‌شاری سلێمانی، هه‌وڵی چه‌ند گه‌نجێكه‌ بۆ گرنگیدان به‌ ره‌شاقه‌ و جوانی له‌ش و سروشتی كوردستان.. به‌شێوه‌یه‌كی قازانج نه‌ویست و خۆبه‌خشانه‌. پێشتر چه‌ند ئه‌ندامێكی خانه‌واده‌كه‌م و چه‌ند هاوڕێیه‌كم گه‌شیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدابون و باسی چۆنێتی به‌ڕێوه‌چونی گه‌شته‌كان و جۆری ئیداره‌دانی گه‌شته‌كانیان بۆ ده‌كردم... هه‌ر بۆیه‌ كاتێك پۆستێكی په‌یجه‌كه‌یانم له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بینی و ژماره‌ ته‌له‌فۆنی له‌سه‌ر بوو، په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كردن و ناوی خۆم تۆماركرد بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی (هه‌ینی) له‌گه‌ڵیان بم و ئه‌وانیش به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه‌ قبوڵیان كرد.

گه‌شته‌كه‌ به‌ره‌و چیای سورێن بوو، ئه‌زمونێكی نوێی ژیانم بوو، كه‌ ژماره‌یه‌ك لاو كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان (16-25) ساڵ ده‌بوون، خۆیان سه‌رجه‌م كاره‌كانیان رێكخستبوو، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر رێكخراو، لاوی چاوكراوه‌ و به‌توانا و لێهاتوو... داوای ئه‌وه‌یان له‌هه‌موان كردبوو كه‌ به‌شی خۆمان خواردنی نیوه‌ڕۆ و 6 ده‌به‌ی بچوكی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان ببه‌ین.



كاتژمێر (9.00) گه‌یشتینه‌ سه‌یدسادق و له‌وێ هه‌ندێك له‌ ئاماده‌بوان نانی به‌یانییان خوارد و هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی پێویستی گه‌شته‌كه‌یان كڕی، پێشتر من چه‌ند خواردنێكی ساده‌م له‌گه‌ڵ خۆم بردبوو، هه‌ر بۆیه‌ ته‌نها دوو نانی دیكه‌م كڕی و بۆ ئیحتیات، به‌ڕێكه‌وت له‌ ته‌نیشت گه‌نجێكی ئه‌ندازیاره‌وه‌ دانیشتبوم، قه‌ده‌ریش وای هێنا سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بوین.

كاتێك گه‌یشتینه‌ یه‌كێك له‌ كانییه‌كانی سه‌ر رێگاكه‌، جوتیارێكمان بینی كه‌ به‌ درێژایی دوو كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی بۆرییه‌كی ئاوی راكێشابوو بۆ ناو باخه‌كه‌ی بۆئه‌وه‌ی بۆ بواری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی سودی لێ وه‌ربگرێت.



ئه‌و كاته‌ی له‌ناو دۆڵه‌كه‌دا بوین، ده‌نگی وه‌ڕینی چه‌ند سه‌گێكمان بیست له‌ لاپاڵی چیاكه‌وه‌ تا ده‌هات ده‌نگیان نزیك ده‌بۆوه‌، به‌راستی ترس له‌ ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌ نیشت له‌وه‌ی مه‌جالی گه‌ڕانه‌وه‌مان نه‌مابوو، نه‌شمان ده‌توانی به‌ره‌و به‌رزاییه‌كه‌ به‌خێرایی بڕۆین له‌به‌ر هیلاكی، له‌وكاته‌دا شوانێك فریامان كه‌وت، دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ ئاژه‌ڵدارییه‌كه‌یه‌ و ئه‌و سه‌گانه‌ ته‌نها گوێڕایه‌ڵی ئه‌ون و ماڵی كردون، خۆی به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ی بۆ كردین:




له‌ چیای سورێن، به‌شێك له‌ گونده‌كان له‌ كانی (چاوه‌ چناره‌) سود ده‌بینن بۆ كشتوكاڵ و راكێشانی بۆری بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانی گونده‌كان، ئه‌م كانییه‌ شوێنێكی زۆر سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌ و چه‌ندین باڵنده‌ی جۆراوجۆر له‌و نزیكه‌ هێلانه‌یان كردوه‌ و گوندنشینه‌كان ده‌یانوت جاران به‌ پۆل كه‌و و سوێسكه‌ و باڵنده‌ی دیكه‌ی كوێوی هاتون بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ له‌و كانییه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌متر دێن و زیاتر له‌ناو چه‌مه‌كه‌ی خوار كانییه‌كه‌ ده‌بینرێن.



دیمه‌نێك كه‌ زۆر ئازاڕبه‌خش بوو له‌م گه‌شته‌دا بینیمان، ئه‌ویش یه‌كێك له‌ ئه‌شكه‌وته‌ مێژوییه‌كانی ئه‌و چیایه‌ كه‌ناوی ئه‌شكه‌وتی (هه‌زاره‌سون) بوو، له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی میێژوی كوردستاندا خزمه‌تی كردووه‌ و له‌ناو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا چه‌ندین چیرۆكی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتوه‌، ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ كراوه‌ته‌ شوێنی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و پڕۆژه‌یه‌كی گاوداری تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌ر بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت وه‌كو پێویست له‌و جێگایه‌ نزیك بێته‌وه‌ له‌به‌ر بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ی.