الأحد، 16 يوليو 2017




  ساخته‌ هه‌واڵ و رای گشتی‌
به‌رهه‌م عومه‌ر

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وام كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و كۆمپانیا و نوێنه‌ری هێزه ناكۆكه‌كان...هتد له‌رێگای جیاجیاوه‌ دژایه‌تی یه‌كتریان كردووه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر خه‌ڵك و رای گشتی دروست كردووه‌، بۆ نمونه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌ یه‌كتری لاواز بكه‌ن و پێكدادانیان هه‌بووه‌، خه‌ڵكیشیان به‌چه‌ندین بابه‌تی ساخته‌ و هه‌واڵی درۆ مه‌شغوڵ كردووه‌ كه‌ دۆخێكی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر سه‌ختی دروستكردووه‌.

له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی جێگای پێكدادانی چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێزه‌، له‌ناوخۆشدا هێزه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك هه‌واڵی ساخته‌ و زانیاری بێ بنه‌ما و گوتاری گومڕاكردن و وێنه‌ و ڤیدیۆی دروستكراو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و ئاستی هۆشیاری رای گشتی نه‌خۆش ده‌خه‌ن و كارگه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی هه‌واڵی راست له‌ هه‌واڵی ناڕاست جیاناكرێته‌وه‌ و كه‌س له‌خه‌می راستی بابه‌ته‌كاندا نیه‌.

 به‌رده‌وام هێزه‌ تاریكبینه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان خوازیاری دۆخێكی له‌وچه‌شنه‌ن، بۆئه‌وه‌ی كه‌س له‌ راستی و دروستی ئه‌و ئاژاوانه‌ تێنه‌گان ئه‌وان به‌رهه‌میانهێناوه‌، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌زانێت چه‌ندێك زیانی به‌ركه‌وتوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ده‌زگای میدیایی زه‌به‌لاح و بودجه‌ی زۆر و زه‌وه‌ند ته‌رخان ده‌كه‌ن و راستیه‌كان له‌ خه‌ڵك وون ده‌كه‌ن.


ساخته‌ هه‌واڵ یان هه‌واڵی بێ بنه‌ما - Fake news
به‌ "به‌ڵا دێرینه‌ نوێیه‌كه‌" ناوی ده‌برێت، به‌و واتایه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ مێژوی مرۆڤدا هه‌بووه‌، به‌ڵام تازه‌ شێوازی‌ مه‌ترسیداری به‌كارهێنانیان ده‌ركه‌وتون و له‌ئێستاد هه‌ڵمه‌تی جیهانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بۆ قه‌لاچۆكردنی هه‌واڵی ساخته‌ و سه‌رچاوه‌كانی.

ناوه‌نده‌ جیهانییه‌ باڵاكان به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردنی میكانیزمی بنه‌بڕكردنی هه‌واڵی ساخته‌دان و له‌ نوێترین هه‌نگاودا كۆمپانیای فه‌یسبوك له‌مانگی رابردوودا تیمی ئاسایشی زانیارییه‌كانی به‌گه‌ڕخست بۆ ئاماده‌كردنی چه‌ند رێوشوێنێك دژی ئه‌و ناوه‌نده‌ میدیایی و كه‌سایه‌تیه‌ جیهانی و سه‌رچاوانه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك خراپ به‌كارده‌هێنن بۆ به‌جێهێشتنی كاریگه‌ری نیگه‌تیڤ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌، واته‌ له‌ كوردستانیشه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌توانن ریپۆرتی ئه‌و هه‌واڵ و وێنه‌ ساختانه‌ بكه‌ن كه سوپای تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و موچه‌خۆرانی ئۆنلاین له‌‌ "ژوری عه‌مه‌لیات"ی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو بۆ گه‌وجاندنی رای گشتی و شێواندنی كه‌سایه‌تییه‌ك یان لایه‌نێكی سیاسی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

مانگی رابردو له‌ ئه‌مریكا چاومكه‌وت به‌ (David Mikkelson)، كه‌ دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌م ده‌زگای وردبینی هه‌واڵه‌ به‌ناوی (سنودن Snoden)، یه‌كێكه‌ له‌ راوێژكاره‌كانی كۆمپانیای فه‌یسبوك بۆ قه‌لاچۆكردنی هه‌واڵی ساخته‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، وتی؛ هه‌واڵی ساخته‌ ئه‌توانرێت به‌و تاوانه‌ بناسێنرێت كه‌ هێشتا له‌جیهاندا به‌یاسا قه‌لاچۆ نه‌كراوه‌، هه‌وڵی كه‌م و سه‌ره‌تایی هه‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازی ئامانجه‌كانی و به‌رده‌وام نوێبونه‌وه‌ی شێوازی هه‌واڵه‌ ساخته‌كان و سه‌ختی ناسینه‌وه‌یان، نه‌توانراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

وتیشی؛ ئێمه‌ زۆرترین هه‌وڵمان هه‌بوه‌ له‌ ئه‌مریكا و جیهاندا بۆ هاوكاریكردنی رۆژنامه‌نوسان و ناوه‌نده‌ میدیاییه‌كان بۆئه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌ بناسنه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی دروستكردنی هه‌واڵی ساخته‌ حه‌زێكی به‌رده‌وامی ناو ناخی كه‌س و لایه‌ن و ده‌زگاكانه‌ بۆئه‌وه‌ی زیان بگه‌یه‌نن به‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر، هێشتا نه‌توانراوه‌ به‌ته‌واوی رێگه‌ی لێ بگیرێت.

 زۆرجار سه‌رۆكی وڵاتێك ده‌بینین له‌ میدیاكانه‌وه‌ زانیاری ساخته‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت بیسه‌لمێنێت، هێزێكی سیاسی بۆ له‌ناوبردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری نه‌یاره‌كانی په‌نا بۆ دروستكردنی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌بات كه‌ خۆی حه‌زی پێده‌كات و رای گشتی پێیان ناخۆشه‌ و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گۆڕێت.

به‌پێی رێنماییه‌كانی ده‌زگای (Snoden) كه‌ خاوه‌نی به‌ناوبانگترین پێگه‌ن‌ بۆ ئاشكراكردنی هه‌واڵ و وێنه‌ و ڤیدیۆی ساخته‌، چه‌ند رێوشوێنێك پێشنیارده‌كه‌ن بۆ ناسینه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌. وه‌كو؛

1- وردبینی له‌ مێژوی بابه‌تی بڵاوكراوه‌ و ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌واڵه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌.
2- گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و ده‌زگایه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.
3- گه‌ڕان به‌دوای هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ و شێوازی نوسینه‌كه‌ و نوسه‌ره‌كه‌ی.
4- به‌دواداچون بۆ ئه‌و لینك و سه‌رچاوانه‌ی پێده‌چێت له‌ دروستكردنی هه‌واڵه‌كه‌دا به‌كارهێنرابن.
5- وردبینی له‌و كۆت و وێنانه‌ی نیشانه‌ی پرسیاریان له‌سه‌ره‌.
6- گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و پێگانه‌ی جارێكی دیكه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌زمونه‌ پێشكه‌وتوه‌كان:
له‌جیهاندا چه‌ند ئه‌زمونێك هه‌یه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی هه‌واڵی ساخته‌ و به‌سزاگه‌یاندنی سه‌رچاوه‌ ساخته‌كان یان ئه‌و كه‌سانه‌ی زانیاری ساخته‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌كو؛
1- سه‌ره‌تای مانگی 4ی ئه‌مساڵ، وڵاتی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌كی بۆ دیاریكردنی رێوشوێن و جۆری سزاكان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌، ده‌ركرد و ئێستا خه‌ڵك ده‌توانن به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ سكاڵا تۆماربكه‌ن و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی یان ده‌زگایه‌كی میدیایی یان هه‌ر پێگه‌یه‌ك به‌سزا بگه‌یه‌نن كه‌ زانیاری ساخته‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی گه‌وجاندنی خه‌ڵكیداوه‌.
2- وڵاتی چیك، دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌ناوی "یه‌كه‌ی بنه‌بڕكردنی هه‌واڵی ساخته‌" دامه‌زراند و راپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌بێت له‌باره‌ی ئه‌و پێگه‌ و لایه‌نه‌ سیاسی و كۆمپانیایانه‌ی هه‌واڵی ساخته‌یان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.
3-   ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ساڵی 2016ه‌وه‌ كار بۆ ده‌ركردنی یاسای قه‌لاچۆكردنی پروپاگه‌نده‌ ساخته‌ ده‌ره‌كی و چه‌واشه‌كارییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام هێشتا گفتوگۆكان له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌واو نه‌بوون، چونكه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ یاسایه‌ ئه‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌پێی ده‌ستوری وڵات سه‌لمێنراوه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك.