الجمعة، 8 أبريل 2016


به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی په‌نه‌ما و سیاسیه‌ بازرگانه‌كانی كوردستان‌
#به‌رهه‌م_عومه‌ر
http://www.knnc.net/Drejey-wtar.aspx?Articleid=3753&AuthorID=13

له‌ماوه‌ی رابردوودا سایتی گلۆباڵ پۆستی ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌باره‌ی "به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌نه‌ما" بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ قه‌به‌ترین و گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌نامه‌ی دزه‌پێكراو له‌ مێژوی مرۆڤایه‌تیدا و تیایدا زیاتر له‌ 140 سه‌ركرده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهانی ناویان هاتوه‌ و تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵیی رێكخراو و دزه‌پێكردنی پاره‌ له‌ وڵاته‌كانی خۆیانه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌ی نهێنی.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا، بابه‌تی دزه‌پێكردنی پاره‌ و شاردنه‌وه‌ی پاره‌ و دامه‌زراندنی كۆمپانیای وه‌همی و گرێبه‌ستی وه‌همی و حسابی بانكی وه‌همیی و شیرینی نه‌وت و ...هتده‌، كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ حزبی و سیاسیه‌كانی كوردستان پێوه‌ی ئالوده‌بون و ناوبانگی شۆڕشگێڕی و بنه‌ماڵه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تی خۆیان به‌و هۆیه‌وه‌ له‌كه‌داركردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی گڵۆباڵ پۆست، قه‌باره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان 2.6 تێرابایت (2600 گیگابایت)ه‌، ئه‌وه‌ش دووهێنده‌ی بڕی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یه‌ كه‌ ساڵی 2010 ویكلیكس دزه‌ی پێكردن كه‌ قه‌باره‌یان 1.7 تێرابایت بوو.

ئه‌و "به‌ڵگه‌نامانه‌ی په‌نه‌ما" كه‌ پێده‌چێت بڵاوكردنه‌وه‌یان چه‌ند ساڵێك بخایه‌نێت، تیایدا به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی ساڵانی (1977 بۆ 2016)ی له‌خۆ گرتووه‌ و پێكهاتوه‌ له‌ 11.5 ملیۆن دۆسیه‌ كه‌ له‌ناویدا 4.8 ملیۆن نامه‌ی ئیمه‌یڵ و یه‌ك ملیۆن وێنه‌ی نهێنی هه‌یه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ناوی ئه‌یاد عه‌لاوی و به‌شار ئه‌سه‌د و ڤلادیمێر پۆتن و چه‌ند میر و پاشایه‌كی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هاتوه‌... كه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان به‌ "گه‌نده‌ڵی" پێكه‌وه‌ناوه‌.

مانگی رابردوو له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا تاوتوێی دانانی یاسایه‌ك كرا بۆ رێگاگرتن له‌ هێنانی پاره‌ی ناڕۆشنی سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی "وڵاتانی خاوه‌ن قه‌یران"، په‌رله‌مانتارێك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ ناكرێت به‌ریتانیا رێگا بدات به‌ سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كان پاره‌ و داهات و ده‌ستكه‌وتی وڵاتانی خاوه‌ن قه‌یران (وه‌كو عێراق و سوریا و میسر و لوبنان و ئه‌فغانستان و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌فه‌ریقا...هتد) دزه‌ پێ بكه‌نه‌ ناو بانكه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كانی به‌ریتانیا، له‌كاتێكدا خه‌ڵك و دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌هۆی هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌وه‌‌ له‌ وڵاته‌كانی خۆیاندا هه‌لی كاریان بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت و بژێویان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و دوچاری قه‌یرانی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌خت ده‌بن و ناچار ده‌بن داوای مافی په‌نابه‌ریی له‌ به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا و پێشكه‌وتوو... بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی ده‌نگوباسه‌ له‌ وڵاتانی دونیادا، گه‌ڕان و كنه‌كردن و شوێنپێهه‌ڵگرتنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ حزبی و سیاسی و سه‌رمایه‌داره‌ گه‌نده‌ڵانه‌یه‌ كه‌ قوتی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان و به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی تاكه‌ كه‌سیی رێگای ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی خۆیان، به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه‌.

كورد ده‌ڵێت: "پیاوێك گورگ خواردویه‌تی و باوكیشم دیار نییه‌". له‌ هه‌موو بابه‌تێكی ته‌مومژاوی و دژی نه‌ریته‌ دیموكراسی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی و ئاودیوكردنی پاره‌ی وڵات...هتد، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ناوی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی كورد بكرێت و پشكی خۆمان به‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی كه‌ چه‌ندین جار له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌كانی كوردستانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه:‌ "ژێرزه‌مینه‌كان پڕكراون له‌پاره‌ی بودجه‌ی خه‌ڵك"، ده‌وترێت: "له‌م كاتی قه‌یرانی داراییه‌دا، پاره‌ی نه‌ختینه‌یی و 25هه‌زار دینارییه‌كان به‌فڕۆكه‌ و به‌ بارهه‌ڵگر گه‌یه‌نراونه‌ته‌ هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌"، یان "له‌فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر بڕی زۆری پاره‌دا كه‌ هه‌وڵی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دراوه‌، به‌ڵام به‌ ته‌له‌فۆنێكی كاك فڵان و به‌ڕێز فیسار، ناچاربون رێگای پێ بده‌ن و پاره‌كه‌ ببرێت و هیچ كه‌سێكیش سزا نه‌درێت".

ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌لپه‌رستانه‌ له‌خۆیان بپرسن... ئه‌گه‌ر ناویان له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا هات و به‌ ته‌واوی ده‌ركه‌وت پشكیان هه‌یه‌ له‌ برسیكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و بێكاركردنی گه‌نجان و داخستنی كارگه‌كان و ساغكردنه‌وه‌ی ده‌رمان و كه‌لوپه‌لی مه‌ترسیدار به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا و بانكه‌كانیان مایه‌پوچ كردووه‌ و شیرنییه‌كانی نه‌وتیان هه‌ڵقوڕاندووه‌ و كوڕی خه‌ڵكیان به‌ كوشتداوه‌... هتد، ده‌بێت ئه‌وكاته‌ چ بڕیارێك بده‌ن و خه‌ڵكی كوردستان چۆن لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكات، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانه‌كه‌یان په‌كخستوه‌ و حكومه‌ته‌كه‌یان شپرزه‌كردووه‌ و حوكمی یاسایان پشتگوێ خستوه‌؟!

http://www.knnc.net/Drejey-wtar.aspx?Articleid=3753&AuthorID=13